15/05/2024
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە رۆژی زمانی کوردی: سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بنکە گەشتیارییەکان
“لە رۆژی زمانی کوردی-دا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی ئەركی هەموومانە پارێزگاری لە شوناسی كوردبوونمان بكەین و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی دایک دا بكەین کە بە درێژایی مێژوو، لە پاڵ خەبات و قوربانیدان، هۆکارێکی سەرەکی مانەوەی نەتەوەکەمان بووە.
لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢، وەک سەرۆکی دەستەی دەستەی گەشتوگوزار بە دەرکردنی فەرمانێک سەرجەم بنکە و شوێنە گەشتیارییەکانمان پابەند کرد بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی و یەکەم لەسەر تابلۆی ناوی شوێنەکان و خشتەی خزمەتگوزارییەکان و هەر پسوولەیەکی تر. هەروەها بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان مەبەست تەواوی سێکتەرەکانی تری پابەند کردووە بە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە پێناو بەرژەوندی گشتی و پاراستنی مافی دەستووریی زمانی کوردی و رێگە گرتن لە زیاتر کاڵبوونەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەندە بازرگانیەکان.
لای خۆمانەوە لە دەستەی گەشتوگوزار سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بنکە گەشتیارییەکان و هەموو هەوڵەکان خراونەتە گەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و هەنگاوی زۆر باش بڕدراوە و نزیک بووینەتەوە لەوەی کە ڕێژەی پابەندبوونی بنکە و دامەزراوە گەشتیارییەکان بگەیەنینە ٪١٠٠ . لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوونی شێوازی جێبەجێکردنی پێکهێنراوە و لێپێچینەوەی یاسایی دانراوە بۆ ئەو لایەنانەی کە پابەندی ئەم بڕیارە نابن.
ئەركی هەموومانە پارێزگاری لە شوناسی كوردبوونمان بكەین و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی كوردیدا بكەین و هەوڵ بدەین پانتایی بەكارهێنانی زمانی شیرینی کوردی فراوانتر بكەین.”
ئەمەل جەلال
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار